پانێلێكی داخراو لەبارەی پەكەكە و ڕۆڵی لە ناوچەكەدا

پانێلێكی داخراو لەبارەی پەكەكە و ڕۆڵی لە ناوچەكەدا


ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان , , سیاسەت



ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان – IRDK، لە رۆژی 10/3/2019 پانێڵێكی داخراوی لەبارەی "دیراسەكردنی سیاسەتی ئێستای پەكەكە (پارتی كرێكارانی كوردستان) و پێشبینیكردنی ئەو رۆڵەی پەكەكە لە گۆرانگارییەگانی ناوچەكە دەیبینێت"، لە چەند دانیشتنێكدا ئەنجامدا. كە ئەم بەڕێزانە تێیدا بەشداربوون : (غازی زێباری، سەلاح بەدرەدین، حوسێن یەزدانپەنا، مستەفا ئۆزچەلیك، مەسعود تەك، محەمەد سەندی، مستەفا شەفیق، د.هیوا مەجید، د.زوبێر رەسول، د.محەمەد مەحمود، محەمەد سەڵاح – نوێنەری حزبی دیموكراتی كوردستان)

لە  دانیشتنی یەكەم و دووەمدا، دیراساتی مەیدانی پێشكەشكران و روانگای سیاسەتمەداران و توێژەرانی سیاسی لە هەموو پارچەكانی كوردستان پێشكەشكران. لەم دیراساتانەدا باس لە گەڕانەوەی هێزە چەكدارەكانی رۆژئاوا بۆ هەرێمی كوردستان چیای قەندیل كرا، وە جموجۆڵەكانی پەكەكە لەڕووی سیاسی سەربازی لە هەرێمی كوردستان، وەكو فشار بۆ سەر هەرێمی كوردستان و دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی ناوچە تەنگوچەڵەمەدارەكان بە تایبەتی ( شەنگال و مەخمور و قەندیل و ناوچەی سلێمانی و بەروار...) كە خەریكی فشارهێنانە بۆ سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان، باسی لێوەكرا.

دیراسەكە مەبەستی ئەوە بوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێزە كوردییەكانی ناوچە چۆن لەگەڵ پەكەكە مامەڵە بكەن، وە چ ڕێگا و شوێنێك بۆ تێكگەیشتن لەگەڵیدا بگرنەبەر، بەشێوەیەك كە سیاسەتی خۆی بگۆڕێت و سیاسەتێكی نیشتمانیانە بگرێتـە بەر كە لە ئایندەدا هیچ پێكداهەڵپژان و گرژییەكی لێنەكەوێتەوە، وە دەوڵەتانی ناوچەكە وەك ئێران و توركیا و عێراق و سوریا نەتوانن سوود لە ناكۆكیی نێوخۆیی هێزە كوردییەكاندا بكەن. بە گشتی دیراسەتەكان لەسەر ئەوە كۆك بوون كە پەكەكە هیچ مەیلی تێكگەیشتن و گفتوگۆی لەگەڵ هیچ لایەنێكدا نیە، حزبێكە پتر خۆی دەسەپێنێت. سەرباری ئەوەش پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی دیكە سیاسەتێكی دوور لە گرژی لەگەڵ پەكەكە بگرنەبەر، وە بە هیچ شێوەیەك رێگا نەدەن لە ئەنجامی لێكتێنەگەیشتن، پێكدادانی سەربازی درووستبێت.

 

هەروەها جەخت لەوە كرایەوە هەوڵبدرێت پەكەكە بەرەو كوردستانی باكور پاڵ پێوەبنرێت، وە هەرێمی كوردستان سەنگی خۆی بەكاربێنێت تاكو گفتوگۆ لەنێوان دەوڵەتی توركیا و پەكەكە دەستپێبكاتەوە، بەمشێوەیە گرنگیدانی پەكەكە بكەوێتە سەر باكوری كوردستان.

 

هەروەها باس لە سیاسەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران  و دەوڵەتی توركیا كرا بۆ بەكارهێنانی سیاسەتی توندی پەكەكە لە ناوچەكەدا، بەتایبەت بەكارهێنانی باڵی چەكدارییان، بۆ فشارهێنان بۆ سەر هەرێمی كوردستان و حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، وە هەروەها ئەو بارودۆخەی لە ڕۆژئاوای كوردستانیش هەیە. لە دانیشتنەكەدا زیاتر باس لەوە كرا چۆن دەكرێت بەدوای ڕێوشوێنی  تێكگەیشتنی گونجاودا لە نێوان كوردستانی باشور و ڕۆژئاوا بگەڕێین، چونكە ئێستا دوو پارچەی كوردستان ئازادن، وە پێویستە ئەو دوو پارچەیە بەسەر كێشەكانی نێوان خۆیان كە كێشەی سیاسی و سەربازی و ئایدۆلۆژین، بتوانن زاڵ بن وە بەرژەوەندی باڵای نیشتمان كە بریتییە لە ئازادبوونی دوو پارچەی كوردستان لەبەرچاوبگرن و وە بارودۆخی هەردوو پارچەی كوردستان بەرەو ئاسایبوونی زیاتر بچێت.