سياسەتى ئابوورى، قەيران و هەڵسانەوه

سياسەتى ئابوورى، قەيران و هەڵسانەوه


حوسێن کوردنەژاد , , ئابوری و دارایی



سیاسەتی ئابووری، قەیران و هەڵسانەوە

 

 

 

ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان - كوردستان ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ـی ٦ـی ٢٠١٨ كاتژمێر ٤ـی ئێوارە سەمینارێكی تایبەتی بۆ بەڕێوەبەری پڕۆگرامی ئابوری ئەنیستیتۆ (حوسێن كوردنەژاد) لەبارەی "سیاسەتی ئابوری، قەیران و هەڵسانەوە" سازكرد.

 

لەبەراییدا، كوردنەژاد باسی بەشێك لە كێشە بونیادییەكانی ئابوریی كورستان كرد و هۆكارەكانی قەیران و فاكتەرەكانی گەشەپێدانەوەی ئابوری هەرێمی كوردستانی خستەبەرباس.

 

حوسێن كوردنەژاد لە باسی مۆدێرنێتەوە پەنجەرە بەسەر ڕووی بابەتدا واڵا دەكات، ئەو مۆدێرنێتە لە پەیوەندیدا بە سیاسەت و جیۆپۆلەتیك و ئابورییەوە شیدەكاتەوە. بەبێ ئابوریی بازاڕ ناتوانین باس لە مۆدێرنێتە بكەین، یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی ئابوری بازاڕیش كەڵەكەكردنەوەی سەرمایەیە بۆ دووبارە وەبەرهێنانەوە و كێبەركێ.

 

كوردنەژاد سێ ڕكەبەرایەتیی كورد دیاریدەكات لە ئێستای دۆخی كوردستاندا ئەوانیش:  ڕكەبەرایەتیی كورد-بەغدا، ڕكەبەرایەتیی كورد-جیهان، ڕكەبەرایەتیی نێوخۆی كوردستان. كە ئەوەی سێیەمییان چارەنوسسازە و زۆر كاریگەرە. كورنەژازد وای بۆدەچێت ڕكەبەرایەتیی حزبی و چەكداری لەكوردستاندا لە ساڵی ١٩٩١ەوە بووبە خاڵی ململانێ و هەوڵ بۆ كۆكردنەوەی دەستڕۆیشتویی و هێز لە نێوان پارتەكانی كوردستاندا، بەڵام سەقامگیریی ئابوری و سیاسی كە كاریگەریی خراپی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان دوورخاتەوە پێویستی بە سەقامگیریی سیاسی و سەروەری هەیە.

 

ئانترێپێرێنیۆر و تیۆری بازنەیی ژیانی ئابوری، كارتێكەریی گەورەیان هەیە لەسە ژیانی سیاسی و ئابوری كە تەمەن و تەمەنی كاركردن پیشاندەدەن، تەمەنی كار كە ١٥-٦٥ ساڵی دەگرێتەوە بۆ بەرهەمهێنانی بازاڕ و چالاكی ئابوری بازاڕ زۆر پێویستە.

 

پێكهاتەی تەمەن و پەیكەری تەمەن لە كۆمەڵگەی كوردیدا بەشێك بوو لەو باسەی سەمینار، كە بەڕای سەمیناریست پەیوەندییەكی بەرچاویشی بە سایكۆلۆژیای سیاسی و جوڵانەوە سیاسییەكان هەیە، كوردنەژاد جۆری گەشەی دانیشتوان و تەمەنی كاری لە هەرسێ پارێزگای كوردستان شیكردەوە، پێشیوایە هەمیشە هێزی كار دێنە ناوبازاڕی كوردستانەوە و ئەوەش بەبێ سیاسەتی ئابوری دێت و دەڕوات، كە مەترسییەكەی بە ئەندازەی بۆمبێكی تەوقیتكراوە بۆ لەناوبردنی سیستەم.

 

جگە لە دیموگرافیا، پەروەردە و تەندرووستی ڕۆڵی مێژوویی دەگێڕن لە گەشەی ئابوریدا، بۆیە تا ڕێژەی بەرزی دانیشتوان ببنە بەرهەمهێن و بچنە نێو بازاڕەوە گەشەی ئابوری زیاتر و فراوانتر دەبێت، بەڵام لە كوردستاندا ڕێژەیەكی بەرچاوی دانیشتوان لە بازاڕدا چالاكی نانوێنن ئەمەش بەهۆی بێكاری یان دەستنەكەوتنی كارە، جگە لە نزمیی ئاستی خوێندن و جۆرێتییەكەی.

لەبەشێكی دیكەی سەمیناردا، كوردنەژاد باسی لە قەیران و هۆكارەكانی كرد، خواستی زۆری هێزی كار و زۆریی ژمارەی هێزی كار بنەمای قەیرانی داراییە لە هەرێمی كوردستاندا. جگە لەوە خەستكەرەوەی زیاتری قەیرانەكە، جۆری ئەو كۆمپانیایانەیە كە لە كوردستاندا هەن، كۆمپانیاكان تاكەكەسین و سەرمایە و توانا و ئۆرگانیزاسیۆنیان لاوازە و ئەوەش ناهاوسەنگی هێناوەتە كایەوە لە زێدەرۆیی هاوردەكردن، بۆیە پێویستە كۆمپانیای پشكداری و هاوبەش دامەزرێت كە هەم توانای زیاتریان هەیە و هەم لە زیانە ئابورییەكانی ناسەقامگیری ئابوریدا تاكەكەس تێیدا زیانی گەورە ناكات.

 

لە بەشی دووەمی سەمیناردا، گفتوگۆیەكی بەبایەخ لەسەر تێزەكانی سەمیناریست درووستبوو.

پرسیارەكان لایەنی هێزی كار و بازاڕ و سەربەخۆیی بواری ئابوری كوردستان و عێراق و قەیرانیی ئابوری جیهانی گرتەوە.

 

كوردنەژاد لە بەشێكی وەڵامەكانیدا باس لەوە دەكات بیرۆكراسییەت و یاسا و بازاڕی ئازاد و داهێنەر و سیاسەتی كراوە، بریتین لە مۆدێرنێتە، ئەوانەی سەرناكەون وڵاتانی شكستخواردوون چونكە مۆدێرنێتە لەهەناوی خۆیاندا جێناكەنەوە، مۆدێرنێتە ڕێگە لە داگیركاریی ئابوری و سیاسی دەگرێت و سەرەنجامیش سەقامگیری سیاسی لێدەكەوێتەوە، كوردنەژاد پێیوایە بازاڕ و حاكمێتی نێوخۆی كوردی بەرپرسیارەتی ڕاستەقینە دەخاتە سەر هێزە كوردییەكان و هەر ئەوەشە ناسیۆنالیزمی ڕاستەقینە دێنێتە كایەوە.

 

كاری تازە و هەڵمەتی ئابوری گەورە بۆ چارەسەری كێشەكانی بازاڕ، تێگەیشتنە لە زەمینە و هۆكاری كێشەكان، بۆ ئەوەش دەبێت "حكومەت و بازاڕ" دیالۆگێك بۆ بینینەوەی كێشەكان درووستبكەن و كاری پێكەوەیی و ئۆرگانی بۆ ئەم كارسازییە پێكبهێنرێت، حكومەت لە  بازاڕدا دەتوانێت خۆی لەڕێگەی كۆمپانیای خۆیەوە بچێتە نێو كێبەركێكانەوە و بەشداری چالاكیی سیاسی بكات، تا چەند بەشداریی ئابوری فراوانتر بێت گەشەی زیاتر دێتەكایەوە، دەستبردن بۆ نرخ كێشە لە بازاڕدا درووستدەكات.

 

ئابوریناس پێیوایە كوردستان لەباری سیاسی و ئابوریدا لە قۆناغی گواستنەوەدایە ئەوەش ناجێگیری و بەرزبوونەوە و داكشانەوە دێنێتەكایەوە، ئابوریی سەربەخۆ بەهۆی نەوتەوە بوو، بەڵام قەیرانی ئابوری پەیوەست نیە بە دابەزینی نرخ، بەڵكو پەیوەندی بە بوونی ئەو كێشە قوڵانەوە هەیە كە بەشێكی بریتییە لەنەبوونی كەرتی تایبەت، ئەم كەرتە دەبێت لەدایكبێت و پەروەردە بكرێت، تێكەڵكردنی بازرگان و سیاسەتمەدار لە بازاڕدا نابێت بە كەرتی تایبەت ناوی بهێنرێت.

 

كوردنەژاد پێیوایە، تا بازاڕ بەهێز نەبێت، دامەزراوەكانی دەوڵەت بەهێز نابن، بۆیە ئابورییەكی باش لەشكرێكی پیشەیی پێشكەوتوو دێنێتەكایەوە و لەشكر و هێزەكانی حكومەتیش پێگەی حكومەت لە دیپلۆماسییەت و سیاسەتدا بەهێزتر و بەتواناتر دەكات، سەرەنجام ئابوری بەهێز و سیاسەتی بەهێز یەكدی بەرهەمدێننەوە.