ئه‌رک و ئامانجه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له قۆناغی نوێدا

ئه‌رک و ئامانجه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له قۆناغی نوێدا


د. عبدالحكيم خسرو جوزل , , سیاسەت



ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ڕێکه‌وتی ٢٠١٨/١٢/٢٦ ئه‌نستیتۆی توێژینه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدان، له‌ پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستان، سه‌مینارێكی له‌سه‌ر ( ئه‌رک و ئامانجه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له قۆناغی نوێ)دا به‌ست. که‌ تێیدا دوو ئه‌کادیمی و توێژه‌ر قسه‌یان له‌سه‌ر باسه‌که‌ کرد.

له‌پێشه‌کیی سه‌میناردا به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌نستیتۆ (سه‌رۆ قادر) پێناسه‌یه‌کی گشتی و خێرای بۆ چییه‌تی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و ڕۆڵه‌که‌ی کرد، به‌وه‌ش ڕێی خۆشکرد قسه‌کارانی سه‌ره‌کی بچنه‌ نێوه‌رۆکی سه‌میناره‌وه‌.

له‌ به‌شی یه‌که‌می سه‌میناردا (د. ئیبراهیم شه‌ره‌فانی)، به‌ ته‌وه‌ری (سروشتی یاسایی په‌یوه‌ندی نێوان سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم  به‌ دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت، په‌رله‌مان، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم) پێشکه‌شکرد.

له‌سه‌ره‌تای باسه‌که‌دا د.ئیبراهیم شه‌ره‌فانی، سرووشتی مێژوویی سه‌رۆک و سه‌رۆکایه‌تی شیکرده‌وه‌ که‌ په‌یوه‌ندی به‌ بیری سیاسی و تێڕوانینی گشتییه‌وه‌ هه‌بووه و جۆری په‌یوه‌ندیی سه‌رۆکی به‌ دامه‌زراوه‌کانی دیکه‌وه‌ له‌ ده‌روازه‌ی مێژووییه‌وه‌ ڕوونکرده‌وه‌.

سه‌میناریست پێیوایه‌ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان سرووشتێکی کاریگه‌ر و چالاکی هه‌یه‌ نه‌ک پڕۆتۆکۆڵی، به‌تایبه‌تی که‌ سه‌رۆکی هه‌رێم له‌ نێو خه‌ڵکدا هه‌ڵبژێردراوه‌، دیاریشه‌ که‌ ته‌نیا سه‌نگی یاسایی ئه‌و پێگه‌یه‌ دیاریناکات، به‌ڵکو به‌شێکیشی په‌یوه‌ندی به‌ هێز و پێگه‌ی خودی ئه‌و که‌سه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ سه‌رۆکایه‌تی ده‌کات. بۆیه‌ سه‌رۆکی هه‌رێم نوێنه‌ری باڵای جێبه‌جێکارییه‌ و نوێنه‌ری باڵای خه‌ڵکیشه‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ش، ئه‌وه‌ش نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵک له‌ نێوان گه‌ل و ده‌سه‌ڵاتی فیدڕاڵی له‌ئه‌ستۆده‌گرێت. بۆیه‌ په‌یوه‌ندیی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌کانی دیکه‌، په‌یوه‌ندییه‌کی باڵایه‌. له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ ئه‌رکی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم دابینکردنی جۆرێک له‌ ئارامیی سیاسییه‌ له‌ نێوان دامه‌زراوه‌کاندا. سه‌رۆک ڕۆڵی گه‌وره‌ ده‌گێڕێت بۆ هه‌ماهه‌نگیی نێوان دامه‌زراوه‌ و ده‌سته‌ سیاسییه‌کان که‌ ڕۆڵێکی ده‌ستوورییه‌. که‌ هاوسه‌نگیی ستوونی و ئاسۆیی به‌دیدێنێت.

گرنگه‌ ئه‌وه‌ بزانین که‌ دووانه‌یی له‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردنی هه‌رێمی کوردستاندا هه‌یه‌ که‌ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌ت ده‌گرێته‌وه‌، که‌ تێیدا سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم ڕۆڵێکی گرنگ و گه‌وره‌ی تێدا ده‌گێڕێت. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریدا بریتییه‌ له‌ لێک نزیککردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ ناکۆکه‌کان و سه‌رپه‌رشتیکردنی دانانی دادوه‌ره‌کان. له‌ په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ی پێشمه‌رگه‌شدا، ئه‌و هێزه‌ به‌رفرمان و جێبه‌جێکاری ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمه‌، که‌ دیارترینیان جوڵاندنی ئه‌و هێزه‌یه‌ له‌کاتی پێویستدا.

له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان به‌ پێی یاسا گرێدراوی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌، که‌ تێیدا بنه‌ما و ڕێکاره‌کانی ئاسایش دابینده‌کات، ئه‌وه‌ش له‌ مادده‌ی ٢ی یاسای ئه‌نجوومه‌ندا ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه‌. بۆیه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌کان سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم دامه‌زراوه‌یه‌کی کاریگه‌ر و کارتێکه‌ره‌ به‌سه‌ر هه‌موو دامه‌زراوه‌کانی دیکه‌وه‌، که‌ پێویست ده‌کات کۆمه‌ڵێ گۆڕانکاری و پێشڤه‌چوون له‌ڕووی دامه‌زراوه‌ییه‌وه‌ به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت. هه‌رچی له‌ په‌یوه‌ندیی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمه‌ له‌گه‌ڵ په‌رله‌ماندا، کۆمه‌ڵێ خاڵ ده‌گرێته‌وه‌ وه‌ک چاودێریی یاسادانان و ڕێگریی که‌مته‌رخه‌میی یاسایی په‌رله‌مان.

له‌به‌شی دووه‌می سه‌میناره‌که‌دا (د. عبدالحكیم خسرو جۆزه‌ل)، له‌سه‌ر  ته‌وه‌ری (ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له پرسه‌ نیشتیمانییه‌كان و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و دیپلۆماسییه‌تی كوردستان) قسه‌یکرد.

ئه‌و توێژه‌ره‌ سیاسییه‌ که‌ هاوکات به‌رپرسی به‌شی سیاسی ئه‌نستیتۆیه‌، پێیوایه‌ له‌ پێشوودا ئه‌رکی سه‌رۆکی هه‌رێم بریتی بووه‌ له‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ره‌ ده‌ستوورییه‌کان و مادده‌ی ١٤٠ و بودجه‌ و به‌شداری پێکهێنانی حکومه‌تی عێراقی و پێکهێنانی ناوه‌ندێکی ئاشته‌وایی له‌ باشوری کوردستاندا و سه‌رپه‌رشتی ئاشته‌وایی نیشتمانی له‌ باشور و ڕۆژئاوای کوردستان.

ئێستا زۆر گرنگه‌ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم ئه‌رکی سه‌ره‌کی و نوێ بونیادبنێت که‌ بریتین له‌ پرسه‌ نیشتمانییه‌کان که‌ بابه‌تی سه‌قامگیری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌ستوورسازی و سه‌روه‌ریی یاسا و دادگاکان و چاکسازی و به‌گریی هه‌رێمی کوردستان و ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان ده‌گرێته‌وه‌.

له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ ئه‌رکێکی گرنگی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم بریتی ده‌بێت له‌ ڕێکخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا که‌ خۆی ده‌بێنێته‌وه‌ که‌ لایه‌نی ئاسایش و داراییش ده‌گرێته‌وه‌. گرنگترینیان بابه‌تی سنوور و مادده‌ی ١٤٠ ده‌بێت که‌ دیسانه‌وه‌ ده‌بێته‌وه‌ ئه‌جێندای سه‌ره‌کی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان که‌ له‌و دواییانه‌دا گۆڕانێکی جوگرافی و دیموگرافی له‌ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان هاتۆته‌کایه‌وه‌.

له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ پێویسته‌ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم ڕۆڵ بگێڕێت له‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی ئاو و به‌نداوه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا، وه‌ پێویسته‌ ئه‌و بودجه‌ و ته‌رخانکردنانه‌ی له‌و بواره‌دا ته‌رخان ده‌کرێن له‌ ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتی فیدڕاڵیدا بێت. خاڵێکی دیکه‌ی گرنگ ئه‌وه‌یه‌ له‌ نێوان هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و ڕه‌وتی پراگماتیکی هاوسه‌نگی ڕابگیرێت و زۆرترین به‌رژه‌وه‌ندی به‌دیبێنێت. که‌ پێویسته‌ له‌ ململانێی هه‌رێمی و گۆڕانکارییه‌کانی ناوچه‌که‌دا هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌ و ساز بێت بۆ جێبه‌جێکردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی له‌ نێوان چه‌ندین جۆر سیناریۆدا که‌ سه‌ره‌کیترین ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ به‌رانبه‌ر ئێران و تورکیا ده‌بێت.

د.عه‌بدولحه‌کیم خه‌سرۆ پێیوایه‌ کشانه‌وه‌ی هێزی ئه‌مریکا له‌ ڕۆژئاوای کوردستان، یه‌کێک ده‌بێت له‌ به‌ربه‌سته‌ سه‌ره‌کییه‌کانی به‌رده‌م سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان که‌ ده‌بێت خۆی بۆ سیناریۆکان ئاماده‌بکات و هه‌ڵوێست و هه‌وڵه‌کانی بۆ ئه‌و گۆڕانکارییه‌ بخاته‌گه‌ڕ.

له‌ کۆتایی سه‌میناردا توێژه‌ر و نووسه‌ر و سیاسییه‌تکاران سه‌رنج و دیدی خۆیان خسته‌ڕوو و پێشکه‌شکارانیش وه‌ڵامیان دانه‌وه‌.