سیاسەتی ئابووریی، قەیران و هەڵسانەوە

سیاسەتی ئابووریی، قەیران و هەڵسانەوە


حوسێن کوردنەژاد , , ئابوری و دارایی



بۆ تێگەیشتن لە بارودۆخی ئێستای ئابووری کوردستان پێویستە.

- پرۆسە سەرەکییەکانی سیاسی و کۆمەلایەتی و ئابووریی کارتێکەر، لەبەر چاو بگیرێن.

- ستراکچەری گرنگ و بریاردەری وەک گۆڕانی دێمۆگرافیک و لێکەوتەکانی لەبەرچاو بگیرێت، هاوکات ئاکتۆرە گرنگەکان دەستنیشان بکرێن.

لە کۆتاییدا پێشنیارێک فۆرموولە دەکرێت نەک سەبارەت بەوەغ کە چ بکرێت بەڵكو زیاتر لە سەر ئەمەی کە چۆن بیر بکرێتەوە.

 

بەستێنی سیاسەتی ئابووریی

لە واقیعدا، ژیانی ئابووریی ،سیاسی و ژیئۆپۆلیتیک لەیەک گرێدراون، هەموویان ئاوێنەی ئەوی ترن.

بۆیە دەبێ چوارچێوەیەکمان هەبێ تاکو وەک پێوەر بتوانین ئەمانە رێکخەینەوە؟ یانی دەبێ پێوەرێکمان هەبێ. ئەم پێوەرە چییە؟ ئەمە پرسیارێکی جددییە.

ئەم پێوەرە هیچی تر جگە لەو پێوەرە کە واقیعی ژیانی دنیای ئەمرۆی پێ پێناسە دەکرێت،نییە ، ئەوەش مۆدێرنیتیەیە. ئەمەش نەک مۆدێرنیتە بە تەنیا وەکو پرۆسەیەکی سۆسیۆلۆژیک بەڵکو لە هەموو لایەن و تایبەتمەندی خۆیدایە.

لە گفتوگۆی ئێمەدا لە دوو خالاندا مۆدێرنیتە، چارەنووس و سازبوونی خۆی دەردەخات.

یەکەم لە پاراستن و بە هێز کردنی ژیئۆپۆلیتیکی کورددا و دووهەم لە رێکخستنەوەی ئابوورییدا کە هەر دوویان ئینتێر ریلەیتێت و بە یەک گرێدراون. یەکێك لە لایەنە بەرچاوەکانی سیستمی مۆدێرن کە پێویستە هەتبێت بریتییە لە ئابووریی بازار، مارکێت ئێکۆنۆمی، ئەم خالە کۆنکرێتەی مۆدێرنیتە پێوەندی بە کوردەوە هەیە و دەبێ خاوەن ستراتێژییەک بین بۆ چەسپاندنی ئەم خالە. با بزانین مارکێت ئێکۆنۆمی چییە؟ و چۆن پێناسە دەکرێ؟

یەک لە تایبەتمەندییەکانی ئابووریی بازار، بریتییە لە مێژووی پڕ لە شکست و هەڵسانەوەی ئەم ئەزموونە مێژووییە.

ئابووریی بازار سەرمایە کەلەکە دەکات بۆ وەگەرخستنەوەی دووبارە بۆ بەرهەمهێنانی‌ سامانی تازە لە زەمینەیەكی پڕ لە رەکەبەرایەتیدا.

سەرمایە کەلەکە دەکات

بۆ ئەوە کە / وەگەرخستنەوەی دووبارە بکات

مەبەست/ بەرهەمهێنانی سامانی تازەیە

کۆنتێکست/ لە بەستێنێکی پڕ لە رەکەبەرایەتیدا

 

 

سێ پرۆسەی رەکەبەرایەتی

 

ئێستا با بزانین حاڵی ئێمە چییە و مێژووی نزیکمان چیمان بۆ دەردەخات؟ لێرەدا باس لە سێ پرۆسەی رەکەبەرایەتی دەکەین. رەکەبەرایەتی کورد لەگەل بەغدا کە جەوهەرەکەی بریتییە لە پوول و پوش، لەبەر جێگێر نەبوونی سیستم و ژیانی مۆدێرن لە کۆنتێکستی ژیانی ئێمە لە ولاتی عێراقدا، دەستکەوت دێت و دەروات و ئەم کێشمەکێشە هەر بەردەوامە.

رکەبەرایەتی دووهەم لە نێوان کورد و وڵاتانی هاوسێیە کە لە بەر ترانزنەشنال بوونی (سنووربەزێن بوونی) کورد و پرۆسەی رەکەبەرایەتییەیەکی ستراکچرال و ریشەییە لە نیزامی ناوچەدا.

سێهەم کە زۆر گرینگ و جێ بایەخی ئێمەیە و چارە نووسسازە، بریتییە لە رەکەبەرایەتی نێو خۆیی.

ریشەی ئەم رەکەبەرایەتییە جگە لە ناكۆكییەكانی سیاسی حزبەكان لە دەیەکانی رابردوودا ، مەبەستی سەرەکی لێرەدا قامک نانە لە سەر ئەو پرۆسەیەدا کە لە دوای ١٩٩١ەوە دەستی پێکردووە، حکومەتی ناوەندی لە ژێر زەبری هاوپەیمانان کوردستان چۆل دەکات، پانتاییەکی بەرچاو دەکەوێتە دەستی کورد، کورد دەبێ دەزگای حکومرانی جێگرەوەی بیرۆکراسی بەغدا لە کوردستان بینا بنێت، کێ ئەم کارە بکات؟ کێ سەرۆکایەتی ئەم پرۆسەیە بکات؟ دەبێتە پرسێکی سەردەستی سیاسەتی کوردی.

لەم رۆژە بەدواوە پرۆسەی کۆکردنەوەی نفوز بە هەموو واتایەکی خۆیەوە دەست پێدەکات، لە پرۆسەی ئەم کۆ کردنەوەی سەروەت و سامان و نفۆز و دەستەلاتەدا شەری ناوخۆمان هەیە، سیستمی پەنجا بە پەنجامان هەیە و هەتا دوایی کە، بەلام ئەنجام چیە، ئەنجامی گرنگ کە دەبێ وەرگرین ئەوەیە کە پرۆسەی کۆکردنەوەی دەستەلات، پێویستە وەک سەرەکیترین پرۆسەی کۆمەلگای کوردی چاوی لێ بکرێ و گشت پرۆسەکانی و پرسەکانی تر لە ژێر سەردەستی ئەم پرۆسەیەدا ببیندرێن و شی بکرێنەوە. سێ خالی گرینگ سەبارەت بەم پرۆسەیە ئەمانەن :

یەکەم : پرۆسەی ئەکیومولە کردنی سەرمایە و دەستەلات بەشێکی سروشتییە لە گەشەی میللەتان لە دەستپێکی سەرهەلێنانیان لە ژێر دەستییەوە، گشت میللەتانی تریش بەم جۆرە بوونە،بە گشتی ئەو پرۆسەیە لە دەستپێکی خۆیدا لە سەر زەمین و بەستێنێکی بێ یاسا یان لاواز لە رووی یاساییەوە ئەنجام دەدرێت.

دووهەم: میللەتانی سەرکەوتوو ئەوانەن کە لە دوای ماوەیەک جێگیر کردنی ئەم پرۆسەیە لە نێو چوار چێوەیەکی یاسایی دەکەنە ئاجێندای سیاسەتی خۆیان و لە ناو کۆمەلگای خۆیاندا هاوفیکرییەک پێک دێنن لەم روویەوە.

سێهەم: ئەوەی ئەم خاڵە لە خاڵەکانی تر گرینگتر دەکات ئەوەیە کە ئەم خاڵە دەرگای نفوز بۆ نەیاران دەکاتەوە.

نەیاران دەستیان دەگاتە نێو مەیدانی کردەی سیاسی کورد، کورد نابێتە ماستر و ئاغا و دەسترۆیشتووی خۆی لە سەر خاکی خۆی و مەیدانی کردەی سیاسی خۆیدا.

ئەم نفوزی بێگانەیە رێگا نادات کە سیاسەتی کوردی بتوانێ پرۆسەی کۆمکردنەوەی دەستەلات بخاتە نێو چوارچێوەیەکی یاساییەوە، ئەم نفوزە خۆی دەبێتە کۆسپێکی گەورە لە سەر رێگای ریفۆرم، ئەوەی پێیدەگوترێ،-ئینیستیتوشنال ریفۆرمز- ئەنجام بدات.

لێرەدایە کە ژیئۆپۆلیتک و مۆدێرنیتە بۆ ئێمە گرنگ دەبێت،لەبەر ئەوەی کە ریفۆرمی باری یاسایی بۆ دامەزراندنی سیستم گرینگە، دامەزراندنی سیستم بۆ پشتیوانی دەرەکی مەرجە و بە پێچەوانەشەوە، بە دابینکردنی ئەم دوانەیەیە کە ئێمە دەتوانین پرسی رزگاریی خۆمان پێشخەین.

پێوەندی مۆدێرنیتە و ئابووری

حالەتی دووهەم کە مۆدێرنیتە گرینگ بوونی خۆی نیشان دەدات بازار و ئابووریی وڵاتە، بۆ ئەم گفتوگۆیە پێویستمان بە تێگەیشتن لە چەند چەمکی سادەیە، یەکەم چەمکی ئانترێپرێنۆێرە کە ئابووریناسی چێکی نەمساوی ئەمریکی بەم جۆرە پێناسەی دەکات:

- ئانترێپرێنۆێر بە و کەسانە دەگوترێ کە بیرۆکەیەک لە ناو کۆمپانیاكاندا پیادە دەکەن و دەیکەنە بەشێک لە ئابووریی گەشەی ئاست بەرز.

و دووهەم چەمک بازنەی ئابووریی ژیانە هەم لە ئاست تاک و هەمیش لە ئاست کۆ و گشتی دا.

ئەم چەمکە گرنگە بۆ تێگەیشتن لە لێکەوتەکانی دێمۆگرافیک ترانزیشن و ئەوەی کە ئەم ترانزیشنە چ شانس و چ مەترسیمان بۆ دروست دەکات. بەم جۆرەوە دەتوانین بزانین کە زۆرینەی دانیشتوان لە تەمەنی کاردان یان نا، هەروەها ئابووریی وڵاتان لە سەر بنەمای ئەم دابەشبوونە چی پێدەکرێ و سەرمایەگوزاریی ستراتێژیکمان دەبێ لە سەر چ بێت و چۆن ستراتێژی ئابووری دابرێژین.


دێمۆگرافی

لە بار و دۆخێکی دێمۆگرافیکی وەک کوردستاندا ، کە کۆی ژمارەی دانیشتوان زیاد دەبێت

 و گرینگتر لەوەش ژمارەی گەنجان و ئەوانەی لە تەمەنی کاركردندان گەشە دەکات،

سیستەمی پەروەردە هەم گرنگ دەبێت و هەمیش خۆی دەبێتە بارێکی قورس بەسەر کۆمەڵگا و ئابوریدا و رێک و پێککردنی ئەم کەرتە خۆی بەربەستێكی مێژوویی و گەورەیە لە بەردەم سیاسەتی کوردییدا.

بۆ چارەسەری درێژخایەنی بار و دۆخی پەروەردە دەبێ چاومان لە سەر بەرزکردنەوەی خواست بێت بۆ هێزی کاری خوێندەوار.

ئەم گفتوگۆیە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە پەروەردە و داهاتووی پەروەردە، گرێدراوی ئابووریی وڵاتە.


لێرەدا دوو خاڵمان لەم نموونانەی خوارەوە بۆ دەردەکەوێ

لە ژاپۆن، تایوان و کۆریا خەڵکێکی زۆر ڕوویان کردە کەرتی گشتی بەڵام سودیان بۆ گەشەی ئابووری هەبوو.

لە نموونەی وڵاتانی دەئیغوار و گانا دا ئەوانەی روویان کردە کەرتی گشتی بوونە گرفت و بارقورسی لە سەر حکوومەت و ئابووری.

کە وابوو خودی ڕووکردن لە کەرتی گشتی هەڵە نیە وەکو ئەوەی ئێستا لە کوردستاندا باسدەكرێت، بەڵکو ئەنجامەكە گرێدراوی ئەوەیە کە ئاستی پرۆداکتیڤیتی گشتی سیستمی ئابووریی و ئیداریی ولات بریاردەرە کە سەرمایەگوزاری لە سەر پەروەردە سودی دەبێ یان پارە لە دەریا دا فرێ دەدرێ. (لەنت پریچێت، زانکۆ هاروارد، پێداچوونەی ئابووریی بانکی جیهانی ، ژمارەی ١٥).

بۆیە ئەنجام گرێدراوە بەوەی کە چەندە دەتوانین لایەنی خواست - دیمەند – بۆ هێزی کاری خۆێندەوار و پسپۆر بەرز کەینەوە.

ئێستا نزیک دەبینەوە لە دەستنیشان کردنی گرفتی سەرەکی ئابووریی ولات، کە بریتییە لە ناهاوسەنگی نێوان ژمارەی زۆری هێزی کار و کەمی هەلی کار لە ئابووریی کوردستاندا.

 

ئەوەی ئێستا کۆمەلگای ئێمە و میدیا و سیاسەت جەختی لەسەر دەکەن برتییە لە قەیرانی دارایی کە خۆی زادە و دەرئەنجامی هۆکاری -قەیرانی ئابورییەیە- کە هەمانە .

پرسیارێکی بەجێیە کە بپرسین ئەم گرفتە بە کێ چارەسەر دەبێت؟ لێرەدا سێ ئاکتۆر دەستنیشان دەکەین کە نەک هەر لە توانایان دایە ئەم ئەرکە بە جێ بگەینن بەڵکو لە بەر خودی خۆیان ناچارن ئەم کارە بکەن، ئەوانیش بریتین لە، ئانترێپرێنۆێرەکانی (چالاکانی داهێنەری بازار) خۆمان، حکومەت و کۆمپانیاکانی مالتی نەشنالی جیهانی.

 

کۆمپانیاکانی خۆمان و قەیرانی ئابووری

جۆری کۆمپانیا:

-تاکە کەسی

-هاوبەشی ،چەند کەسی

-پشکدار

زۆرینەی کۆمپانیاکانی کوردستان کۆمپانیای تاکە کەسین. کەمایەسی ئەوانە بریتییە لە سەرمایەی سنوردار، توانای سنوردار، ئۆرگانیزاسیۆنی سنوردار. بۆیە ناتوانن پێداویستییەکانی بازار دابین بکەن و هەر بۆیەشە کە لە بەر لاوازیی کۆمپانیاکانی کوردستان ئیمپۆرت و هاوردە کردنمان زۆرە و بالانسی بازرگانیمان زۆر ناهاوسەنگە. لەم پێوەندییەدا چارەسەر لە قۆناغی ئێستادا بریتییە لە پشتیوانیی کۆمپانیاکانی شەریکایەتی. هاوکاری کۆمپانیاکان لە ئابووریی بازاردا لە سەر بنەمای متمانە دەبێت، کۆمەلگای کوردستان ئێستا لە توانایدایە کە کار بکات بۆ دروستکردنی متمانە لە نێوان چەندین ئاکتۆری بازاردا بەلام لەبەر لاوازی بار و دۆخی ئەنیستیتوشنال و یاسایی زۆر زەحمەتە کە کۆمپانیای پشکدار سەربگرێت. بەم جۆرەی ئێستا کە کار دەکرێت قەیران قوولتر دەبێت، ئەوەش بەم شێوەیەی خوارەوە روو دەدات:

-دیناری پشت ئەستور بە نەوت ئاوردەکردن هاندەدات، ئەوەش ئەنجامەکەی دەبێتە گرانی و ئەو گرانییە هێزی کاریش دەگرێتەوە و تەنیا کالا نییە کە گران دەبێت.

-قەیرانی دارایی وادەکات کە حکومەت لە بیری زیاد کردنی داهاتدا بێت، و زیاد کردنی داهاتی حکومەت پەرە بە گرانی دەدات و بە مەبەستی کەمکردنەوەی باری قورسی گرانی بە سەر خەلکدا، حکومەت دەست دەباتە کۆنترۆلی نرخ ئەوەش مێکانیزمی بازار خواست و خستنەروو و هەروەها رەکەبەرایەتی ئازاد لە ناو دەبات.

 

بۆ ستراتێژییەکی سەرکەوتوو چۆن بیربکەینەوە؟

 

ئامانجی سیاسەتی گەشەی ئابووریمان نە تەرکیز لە سەر کەرتەکانە نە لەسەر پلانی سەرانسەری و ستراتێژیکی گشتی لەبەر ئەوە کە ئەزموون شكستی هەردووكیانی سەلماندووە، لە جیاتی ئەوە پێویستە بیر لە چالاککردنی بازار بکەینەوە بە رێگای وەگەر خستنەوەی کاری تازە بە نیسبەت بازاری کوردستانەوە، ئەم کارە زۆر جاران خۆی چەندین کەرتان لەبەر دەگرێت. ئەمە خال و هەنگاوی یەکەمە کە لە دەوری ئەوە دا دەتوانین گەشەی هێزی کاری پێویست، یاسای گونجاو و پرسی فینانس چارەسەر بکەین و بە بەرنامەوە کاریان بۆ بکەین.

بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەیەکی مێژوویی لەم جۆرە پێویستە ئۆرگانێکمان هەبێ کە سەرۆکایەتی پرۆسەی دیالۆگ لە نێوان چالاکانی بازار و حکومەت دا بکات.

لێرەدا تەنانەت کۆمپانیای سەربە کەرتی گشتیش بەشدار دەبێ. ئەم پێکهاتەیە دەبێتە بناغە و لایەنی هاوکار لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرەکی بە تایبەت مالتی نەشنالەکان کە توانای زۆریان هەیە لە وەی دا کە پێدەگۆتری گواستنەوەی هێزی کار بۆ کاری بە بەرهەمتر، -ستراکچرال چێنج-. یەکەم بەرهەمی ئەم مۆدێل کارە دەبێتە ئەوە کە هەنگاو هەڵدێنین بۆ گەشەی کەرتی تایبەتی راستەقینە.

ئەم پرۆسەیە لە بەردەوامی خۆیدا کۆنسێنتراسیۆنی برانچی جیاواز پێک دێنێت . ئەم کۆنسێنتراسیۆنە چەند چەشنە کردن و دایوێرسیفیکەیشن مومکین دەکات بە تایبەت هەر چەندە داهاتی سەرانە گەشە بکات ئەم پرۆسەیە خێراتر و بە هێزتر دەبێت. ئەوکات دەبێتە ئەو کاتە کە ئێمە دەتوانین بە راستی سیستمی بانکی کاریگەر و راستەقینە دابمەزرێنین. ئەم سیستمی بانکییە سەرمایەگوزاری زیاتر و هەلی کاری زیاتر بەرهەم دێنێت و دەتوانین دێمۆکراسی زیاتر و ریفۆرمی ئەنیستیتوشنالی زیاتر ئەنجام بدەین.

لە کۆتاییدا

پێویستە سیاسەتمان بریتی بێ لەوە کە پرۆسەی ئەکیۆمولە کردنی سەروەت و سامان بخەینە نێو چوار چێوەی یاساییەوە. ئەم مەترسییە دوو لایەنەیە (تەنیزمی بازاری نێو خۆ و لایەنی ژیئۆپۆلیتیکی) دەبێ لە کۆڵی خۆمان بکەینەوە. فۆرمی کۆمپانیاکانمان گەشەی پێ بدەین، حکومەت و لایەنی گشتی بە هیچ جۆر پشتیوانی کاری کۆپیکردن نەکەن.

پێویستە بزانین کە گشت پرسەکانمان بە یەک گرێدراون بەم جۆرە کە، ئابووریی زیندوو، باری دارایی باشمان بۆ دابین دەکات، باری دارایی باش هێزی نیزامی باشمان بۆ دابین دەکات و ئەو هێزە دەبێتە پشتیوانی دیپلۆماسی کاریگەر و رۆژ لە دوای رۆژ هاوپەیمانمان زیادتر دەبێت.

بەم جۆرە دەتوانین بە هێز بین، لە بیرمان نەچێ ، سەرۆک بارزانی ماوەیەک لەمەو پێش راستییەکی ژیئۆپۆلیتیکی خستە بەر دەم هەموومان:

 

”ئێمە لە ناوچەیەکدا دەژین کە ئەگەر بە هێز نەبین دەمانخۆن”

 

ئەوەی باسمان کرد رێگای بە هێز بوونە ، بە - دابینکردنی هەلی کار- بکەینە درووشمی سەرەکی کارکردنمان لە سیاسەتی ئابووریی ولاتدا و حکومەتی کوردستان سەرۆکایەتی ئەم پرۆسەیە بکات. ئەمە لە نەیاران زۆر ئاشکرایە، بۆیە لە سەختترین رۆژەکاندا ئامانجی سیاسەتیان نە هێشتنی قەوارەی هەرێم و حکومەتی کوردستان بوو، هەموو کوردێک و هەموو کوردستانییەک پێویستە ڕووی سیاسەتی لە رەوتی پێچەوانە دا بێت نەک لاواز کردنی حکومەت.